قالیباف بۆ ئەمریکا: هەڕەشەکانتان هیچ بەهایەکیان نییە
محەمەد رزگار
٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە کاتێکدا گەڕی یەکەمی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە سویسرا دەستیپێکردووە، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توند دەداتە لێپرسراوانی ئێران و رایدەگەیەنێت، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن وڵاتەکەیان وێران دەکات، لە بەرانبەریشدا محەمەد باقر قالیباف دەڵێت؛ هێزە چەکدارەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگەیاند: "ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەگەر هەڕەشەکانیان پێشتر ئەنجامێکی هەبووایە، ئەمڕۆ نەدەگەیشتنە ئەم رەوشی بێئومێدییە.
دەشڵێت، هەڕەشەی ئەمریکییەکان هیچ بەهایەکیان نییە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری توندی دایە لێپرسراوانی واشنتۆن و وتی: "باشترە وریای لێدوان و لێکدانەوەکانی خۆیان بن، چونکە هێزە چەکدارەکانمان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بە شێوازێکی تر وەڵامیان بدەنەوە".
قالیباف لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، "ئەوان هەرچییەک دەڵێن با بیڵێن، لە کۆتاییدا ئەوە ئێمەین کە لە مەیدانەکەدا کردار ئەنجام دەدەین".


