د. لەتیف رەشید لە پەکین: بەبێ فەراهەمکردنی مافەکانی گەلی فەلەستین ناکرێت باس لە مافی مرۆڤ و گەشەپێدان بکرێت
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، لە میانی بەشداریی لە "کۆڕبەندی جیهانیی حوکمرانیی مافەکانی مرۆڤ 2026" لە پەکینی پایتەختی چین، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پەیوەندی بەهێزی نێوان گەشەپێدان، مافەکانی مرۆڤ کردەوە، هاوکات داوای هاوسەنگی زیاتری لە سیستمی نێودەوڵەتیدا کرد و پشتگیری خۆی بۆ گەلی فەلەستین دووپاتکردەوە.
لە کۆڕبەندەکەدا، کە بەبۆنەی 40ەمین ساڵیادی راگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ "مافی گەشەپێدان" رێکخرابوو، د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە گەشەپێدان بەپێی کاریگەرییە راستەوخۆکانی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بپێورێت، نەک تەنها لە رێگەی ئامارە وشکەکانەوە.
سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق وەک شارەزایەک لە بواری سەرچاوەکانی ئاو، روونی کردەوە کە دابینکردنی ئاوی خاوێن، تەندروستی، پەروەردە و دەرفەتی ئابووری، بنەما سەرەکییەکانی گەشەپێدانی راستەقینەن و کەرامەتی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییانەوە.
د. لەتیف رەشید ئاوڕی لە مێژووی هاوچەرخی عیراق دایەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئاستەنگە گەورانەی کە وڵاتەکە بەدەستیانەوە ناڵاندوویەتی، وەک: شەڕ، دیکتاتۆرییەت، گەمارۆ ئابوورییەکان، تیرۆر، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو.
دکتۆر لەتیف رەشید وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو، باسی لە پرۆسەی بووژاندنەوەی زۆنگاوەکانی باشوری عیراق کرد کە لەسەردەمی رژێمی پێشوودا بە ئەنقەست وشککرابوون، و ڕایگەیاند کە ئێستا زۆنگاوەکان بوونەتەوە بە هێمای بووژانەوە و گەڕانەوەی ژیان و کولتوور بۆ دانیشتووانەکەی.
هاوکات جەختیشی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی کەرتی تەندروستی عیراق کردەوە و رایگەیاند: هیچ گەشەپێدانێکی راستەقینە لە کۆمەڵگەیەکدا بەدی نایەت کە نەتوانێت تەندروستی هاووڵاتیانی بپارێزێت.
د. لەتیف رەشید چوار خاڵی سەرەکی وەک پێشینەی کارەکانی کۆڕبەندەکە دیاری کرد، وەک بەهێزکردنی مافی گەشەپێدان وەک بەردی بناغەی سیستمی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، هەروەها دەستەبەرکردنی دادپەروەری کەشوهەوا لە کاتی گواستنەوە بەرەو ئابووری سەوز، هاوکات بەشداریکردنی دادپەروەرانە لە حوکمڕانیی ژیریی دەستکرددا (AI) ، لەگەڵ وەبەرهێنان لە توانای گەنجاندا وەک بزوێنەری سەرەکی پێشکەوتن.
بەشێکی گرنگی وتارەکەی سەرۆک کۆماری پێشوو تەرخانکرابوو بۆ پرسی فەلەستین و ئەوەی خستەڕوو، گفتوگۆکانی مافی مرۆڤ ناتوانن چاو لەو ستەمە بپۆشن کە دەیان ساڵە لە گەلی فەلەستین بەگشتی و کەرتی غەززە بەتایبەتی دەکرێت.
سەبارەت بە رەوشی مرۆیی غەززە ئاماژەی بەوەکرد، منداڵانی غەززە مافی خوێندن و ژیانێکی ئارامیان هەیە، پزیشکەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە نەخۆشخانەی شیاودا کار بکەن، و گەلەکەشی مافی ئاو، خۆراک و کەرامەتی هەیە.
له کۆتایی وتارەکەیدا، د. لەتیف رەشید ستایشی رۆڵی کۆماری گەلی چینی کرد لە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ژێرخان و وزە لە عیراقدا، داواشی کرد سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو هاوسەنگی و دادپەروەری زیاتر بڕوات، بە شێوەیەک کە مافی گەشەپێدان وەک مافێکی گشتگیر بۆ هەمووان تەماشا بکرێت، نەک وەک ئیمتیازاتێک کە تەنها چەند وڵاتێکی کەم لێی سوودمەند بن.



