بەشێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەربەست دەکرێت
لاوەند سالار حەمەد
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
شارەوانیی سلێمانی: سەعات 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای نزیک مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بە ئاڕاستەی چوارڕیانی سەرچنار بەربەست دەکرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی شەقامەکانی شار، ئەمڕۆ پێنجشەممە پاش سەعات 12:00ـی نیوەڕۆ دەست بە کاری (قشط) هەڵگرتنەوەی بەشە خراپبووەکانی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای نزیک مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بە ئاڕاستەی چوارڕیانی سەرچنار دەکرێت بەمەبەستی ئامادەکردنیان بۆ سەرلەنوێ قیرتاوکردن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی کارەکان، رۆژی هەینی بەشێک لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای کارکردندا بەربەست دەکرێت، هەروەها شۆفێران دەتوانن شەقامی خزمەتگوزاریی مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت؛ " داوا لە هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەین هاوکاریی و هەماهەنگی تیمەکانمان بکەن و رێنماییەکانی هاتوچۆ پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی و سەرکەوتوویی تەواو بکرێن".


