ئاڵدار خەلیل لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا لێدوانێکی بۆ کوردسات نیوز دا و وتی: ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لەوەی لە رێککەوتن لابدات، لە ماوەکانی داهاتوودا ئەنجامێکی نەرێنی دەبێت.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات 'پەیەدە' بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی دیمەشق نزیکە لەوەی لەژێر چەتری تێکەڵکردنەوەی هێزەکان 'ئینتیگراسیۆن' لابدات و بە رێککەوتنەوە پابەند نابێت، ئەمەشلە داهاتوودا دەبێتە هۆی رودانەوەی سیناریۆی هاوشێوەی سیناریۆی پێشوو و ئەمەش خاڵێکی نەرێنییە.

وتیشی، تاکو ئێستا حکومەت هەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستور و پەرلەمان و گۆڕان و چارەسەری دیموکراتیانە نەناوە و ئەمەش خاڵێکی نەرێنییە لە رێککەوتنەکەدا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم حکومەتەی ئێستا جیاوازییەکی زۆری نییە لەگەڵ حکومەتی رابردووی سوریا، سیاسەتی هەردووکیان بەرانبەر کورد و پێکهاتە رەسەنەکانی دیکەی سوریا، بەدەر نییە لە جیاکاری و پەراوێزخستن و دژایەتیکردن.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی روونکردەوە، سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئەم رەوشە و گەیشتن بە دادپەروەری، پێویستی بە شۆڕشێکی دیموکراسی و حکومەتێکی نیشتمانی هەیە کە هەمووان لە بنیاتنانی کۆماردا بەشداری پێبکات.

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە، هەوڵە سیاسییەکانی ئەوان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد بەردەوام دەبێت.