بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆسەی خوێندن، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە كۆبوونەوە و سێ‌ پێشنیازیشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم تایبەت بە كوردساتی راگەیاند، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆسەی خوێندن كۆبوونەتەوە و سێ پێشنیازیان بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن خستووەتەڕوو.
وتیشی، پێشنیازی یەكەم درێژكردنەوەی ماوەی یەك هەفتەیە لە پشووی خوێندن بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لەسەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئاڵوزییەكانی ناوچەكە، پشنیازی دووەمیش ئەوەیە خوێندن بكرێت بە ئۆنلاین، پێشنیازی سێهەمیش دەستپێكردنەوەی دەوامە لەناوەندەكانی خوێندن، بەڵام كەم بكرێتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەو پێشنیازانە دەدرێنە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا بریار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان دەدەن.
كوردسات نیوز زانیویەتی پێشنیازی درێژكردنەوەی پشوو بۆ ماوەی یەك هەفتە زۆرینەی رای هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای لەسەر بووە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەو پێشنیازە بڕیاری لەسەر دەدرێت.