ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی دەسەڵاتی وەڵامدانەوە دەداتە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان
بڵند
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦
میدیا عیراقییەکان بڵاویانکردەوە، سەرچاوە باڵاکانی حکومەتی عیراق ئاشکرایان کردوە، کە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بڕیارێکی گرنگی دەرکردووە و تێیدا دەسەڵاتی تەواوی داوە بە دەستەی حەشدی شەعبی و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی تری وڵات، تاوەکو بەپێی پرەنسیپی مافی وەڵامدانەوە و بەرگری لە خۆکردن مامەڵە بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیاری دەسەڵاتی وەڵامدانەوە بە حەشدی شەعبی، بە مەبەستی روبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەیە، کە دەکرێنە سەر بنکە و بارەگاکانیان، بەجۆرێک هێزەکان دەتوانن دەستبەجێ بەرپەرچی هەر دەستدرێژییەک بدەنەوە.
لای خۆیەوەئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع) لە زاری بەرپرسانی عیراقەوە رایگەیاندوە، کە ئەنجومەنەکە بڕیارێکی توندتری دەرکردووە سەبارەت بە تێکدەرانی ئاسایشی ناوخۆ و بەپێی بڕیارەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەموو ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرێت کە تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان، بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و نێردە دیپلۆماسییەکان.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە پێویستە ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
ئەم هەنگاوانە لە کاتیكدایە، کە گرژییە ئەمنی و سەربازییەکان لە ناوچەکە زیادیان کردووە و حکومەتی عیراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم دەسەڵاتانەوە پارێزگاری لە سەروەریی خاکی وڵات و سەلامەتیی هێزە چەکدارەکانی بکات


