د.لەتیف رەشید: بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هاووڵاتیانی عیراق و موسوڵمانانی جیهان دەکەم
بڵند
١٩ی ئازاری ٢٠٢٦
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عیراق و تەواوی موسڵمانانی جیهان دەکات.
لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار هیوای خواستوە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ عیراق و وڵاتانی ئیسلامی و داواشی لە خوای گەورە کردوە، کە ئاشتی و تەبایی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، کە جەژنی ئەمساڵ لە کاتێکدایە ناوچەکە بە رەوشێکی نائاسایی و گرژییەکی زۆردا تێدەپەڕێت، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلان دروست کردووە.
د. لەتیف رەشید، راشیگەیاندوە، کە ئەم رەوشە وا دەخوازێت هەمووان کار بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و کارکردنی بەکۆمەڵ بکەن، تاوەکو بتوانرێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بن و سەلامەتی هاووڵاتیان بپارێزرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. لەتیف رەشید هیواشی خواستوە، کە ململانێ و گرژییەکان کۆتایییان بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت، تاوەکو هەموو گەلان بتوانن لە کەشێکی پڕ لە ئاسایش و گەشەسەندندا بژین.


