بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم، كۆبوونەوەیەكی باڵای سەربازی و ئەمنی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا، تاوتوێی دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان كرا.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشکخرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها چه‌ندین بڕیار و رێنمایی بۆ پته‌وكردنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ روداو و پێشهاته‌كاندا ده‌رچوون.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیكه‌ی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عیراقەوە بە درۆن و موشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و ماڵییان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌مباره‌یەوه‌ ئەوەخرایەڕوو كه‌ حکومەتی فیدراڵیی عیراق بەرپرسیاره‌ له‌وه‌ی ئه‌ركی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزی و هاوخه‌می لەگەڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ی شەهید و بریندارانی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دووپات كرایه‌وه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.