سەرۆکی ئەمریکا مەرجی کۆتایی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی شەڕ و ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران راگەیاند، کە ئەویش "خۆ رادەستکردنی تەواو و بێمەرجی" تارانە.

دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، دەبێت "سەرکردەیەکی مەزن و پەسەندکراو" بۆ ئێران هەڵبژێردرێت.

ترەمپ ئاشکرایکرد، دەبێت "بە شەخسی" بەشدار بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رابەری داهاتووی ئێراندا، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر واشنتن لە ڤەنزوێلا ئەنجامی دا.

: ترەمپ بەڵێنی دا کە دوای خۆرادەستکردنی تاران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی "بێوچان" کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران لە لێواری وێرانبوون و بەهێزکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە.

لە بەرانبەردا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، تاران لە چەند وڵاتێکەوە دەسپێشخەریی بۆ گەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

پزیشکیان جەختی کردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دوودڵ نابن.