'سێنتکۆم' هەواڵێکی لێپرسراوێکی باڵای سەربازیی ئێران رەتدەکاتەوە، کە ئاماژەی بەوەکردبوو؛ هێزەکانی ئەمریکا سەدان کیلۆمەتر لە گەروی هورمز دوورکەوتوونەتەوە و ناوچەکەیان چۆڵکردووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەوەکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو گەروی هورمز و ئاوە هاوسنوورەکانیدا بە تەواوی لە ئامادەباشیدان، ئەو هەواڵانەی ئێران لەو بارەیەوە دوورن لە راستییەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەکانی ئەمریکا بە هاوکاریی هاوبەشە هەرێمایەتییەکان کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەم رێڕەو و ئاوە نێودەوڵەتییە دەکەن، رێگەش نادەن هیچ لایەنێک سەروەریی ناوچەکە تێکبدات.

ئەو راگەیەنراوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' دوای ئەوە هات، کە فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەمریکا هێزەکانی لە گەروی هورمز کشاندووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گەروە ستراتیژییە خاڵێکی سەرەکیی ململانێی نێوان تاران و واشنتۆنە.