بەهۆی رەخنەگرتن لە سوپا کۆنترین دامەزراوەی میدیایی سەربازی لە ئیسرائیل دادەخرێت
راهۆز
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بڕیاریدا رادیۆی نیشتمانیی سوپا کە لە ساڵی 1950ەوە دامەزراوە، دابخات.
بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، بڕیارەکە وەستاندنی یەکجارەکیی پەخش لەخۆدەگرێت تا 1ی ئازاری2026، و تیمێکیش بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە.
کاتز: رادیۆکە زیانی بە پێگەی سوپا گەیاندووە:
بەپێی لێدوانەکانی کاتز، کە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان" گواستوویەتییەوە، رادیۆی "گالی تزاهال" لە بنەڕەتدا وەک میدیایەکی سەربازیی سەر بە حکومەت دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی سەربازانی سوپای ئیسرائیل و بنەماڵەکانیان، وەک "بڵندگۆیەک بۆ دەنگی سوپا و گوێیەک بۆ سەربازەکانی"، نەک وەک سەکۆیەک بۆ دەربڕینی رای رەخنەگرانە دژی سوپا و ئەندامەکانی.
کاتز روونیکردەوە: "بەردەوامبوونی کاری رادیۆکە، سوپا بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە، تێوەدەگلێنێت لە گوتاری سیاسی و زیانێکی گەورە بە پێگەی وەک سوپایەکی گەل دەگەیەنێت کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی لە تەواوی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە."
جێی ئاماژەیە، رادیۆکە بە یەکێک لە دیارترین دامەزراوە میدیاییەکانی ئیسرائیل دادەنرێت، رادیۆیەکی نیشتمانیی سەر بە سوپایە و بە درێژایی 24 سەعات پەخشی هەیە. گەشتی هەواڵی سەربازی و سیاسی، شرۆڤە، راپۆرت لەسەر دۆخی هاتوچۆ، لەگەڵ بەرنامەی پەروەردەیی و کات بەسەربردن پێشکەش دەکات. بودجەی رادیۆکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دابین دەکرێت، جگە لەو داهاتەی لە رێکلامەوە دەستی دەکەوێت.



