رۆژنامەیەکی تورکی ئاماژە بە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی یان تەقاندنەوەی تەقەمەنی دەکات لەناو ئەو فڕۆکە سەربازییەی تورکیا کە لە جۆرجیا کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە 20سەرباز گیانیان لەدەستدا، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا وێنەی قوربانییەکان بڵاوکراوەتەوە.

رۆژنامەی "تورکیا" کە لە حکومەتەوە نزیکە، بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە لە جۆری C-130 Hercules بووە، لە فڕۆکەخانەی گەنجە لە تورکیاوە فڕیوە و دوای چوونە ناو ئاسمانی جۆرجیا، لە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەوە تێکشکاوە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی: "تێکشانی فڕۆکەکە لە ئاسماندا، نەک بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان هەڵەی نیشتنەوە، گومانەکان بە ئاراستەی ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی یان تەقینەوەی ئەو تەقەمەنییەی هەڵیگرتبوو، دەمانبات."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە تیمە تەکنیکییەکان لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکارە وردەکان.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، فڕۆکەکە لەسەر خاکی جۆرجیا کەوتۆتەخوارەوە و جەختیشیکردەوە، ئەنکەرە بە شێوەیەکی نزیک هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی جۆرجیا دەکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن و کۆکردنەوەی بەڵگەکاندا.

نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی رووداوەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد" ئەنجام دەدرێت.