ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە
محەمەد رزگار
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوری، بڕیارە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و سوریا، پرسی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و رووبەڕووبونەوەی تیرۆر دەبێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا رایگەیاند، دۆسیەی هەڵگرتنی سزا لەسەر وڵاتەکەی چووەتە قۆناغەکانی کۆتاییەوە، و پێشبینی دەکات ئەنجامەکان لە دوو رۆژی داهاتوودا دوای دیدار لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا سەرجەم سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیرێت.
وتیشی، حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵی سەقامگیرکردنی باشوری سوریا دەدات، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاوەدانکردنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەکانی رابردوودا شەرع بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەردانی ئەمریکایان کرد و بەشدارییان لە کۆبوونەوە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.
ئەحمەد شەرع دەبێتە یەکەم سەرۆکی سوریا ، لە دوای سالی 1946وە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکێکی سوری بکرێت و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.



