هەسەدە رایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، ئۆپراسیۆنێکیان لە کەمپی هوڵ ئەنجامداوە و توانیویانە سەرکردەیەکی مەترسیداری داعش دەستگیر بکەن، کە ئەرکی زیندوکردنەوەی گروپەکان بووە لە کەمپەکەدا و خەڵکی عیراقە.

ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە  و تییدا هاتووە؛ لە چوارچێوەی شەڕی بەردەوامی دژ بە تیرۆر و رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕە نهێنییەکانی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە هەماهەنگی مەیدانی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناو کەمپی هوڵ ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی باڵایان ئەنجامدا.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ لە ئۆپراسیۆنەکەدا کە لە رێگەی هەواڵگری فراوانو وردەوە ئەنجامدراوە، توانیویانە سەرکردەیەکی مەترسیداری داعش دەستگیر بکەن، کە ناوی  (بەها ئەلمەسیریە) و ناسراوە بە ئەبو عەبدولڕەحمان و خەڵکی عیراقە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیانخستوەتەڕوو، ئەو سەرکردەی داعش رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە چالاککردنەوەی شانەکانی رێکخراوەکە و هەماهەنگی دامەزراندنی ئایدیۆلۆژی و سەربازی و دروستکردن و ئامادەکردنی تەقەمەنی بۆ گواستنەوە بۆ دەرەوەی کەمپەکە بۆ بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانیان .

هەروەها ئەرکی ئەو تیرۆریستە بریتی بووە؛ لە زیندووکردنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەکە لەناو کەمپەکەدا و گۆڕینی بۆ سەکۆیەکی پلاندانان و بەڕێوەبردن بۆ شانەکان کە لە دەرەوەی سنوورەکانی درێژدەبنەوە، ئەمەش وایکرد کە گرتنی ئەو ببێتە زەربەیەکی قووڵ لە تواناکانی رێکخراوەکە و خاڵێکی سەرەکی بێت لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی پەیوەندی و رێگەکانی پارەدان بۆ رێکخراو تیرۆرستییەکە.