ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر لوبنان دوو برای ئەندامی حزبوڵای کوشت
راهۆز
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە باشووری لوبنان، دوو برا گیانیان لەدەستدا و ئۆتۆمبێلەکەیان بە تەواوی سووتا. سوپای ئیسرائیل دواتر رایگەیاند کە کوژراوەکان ئەندامی حزبوڵا بوون.
بەپێی ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی دوو براکەی کردووەتە ئامانج کاتێک بە رێگایەکدا تێپەڕیون لە دامێنی رۆژئاوای چیای شێخ (جبل الشيخ). وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش گیان لەدەستدانی هەردووکیانی پشت راستکردوە.
ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی هێرشە ئاساییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی پێکدادانەکان لەگەڵ حزبوڵا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکان.
لوبنان داوای گفتوگۆ دەکات و حزبوڵا رەتیدەکاتەوە
پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە لوبنان بەردەوام داوای گفتوگۆ دەکات بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکان. بەڵام حزبوڵا، بەپێی راگەیەندراوێکی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەر رێڕەوێکی دانوستانی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە.
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاندووە، گفتوگۆ تاکە بژاردەی بەردەمە بۆ راگرتنی هێرشەکان، بەڵام ئیسرائیل هەر چارەسەرێکی سیاسی رەتدەکاتەوە. بەپێی سەرچاوەیەکی رەسمی لوبنان، ئیسرائیل تا ئێستا وەڵامی پێشنیازی گفتوگۆکەی نەداوەتەوە.
شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە مانگی ئابی رابردوودا بڕیاریدابوو لە چوارچێوەی پلانێکی پێنج قۆناغیدا چەکی حزبوڵا دابماڵێت، بەڵام حزبوڵا بڕیارەکەی رەتکردەوە و بە "تاوان" ناویبرد.



