ئەو مۆبایلەی "ئیسرائیلی سەرقاڵ کردبوو بەخۆیەوە" دۆزرایەوە... چارەنووسی خاوەنەکەشی دیاریکرا
راهۆز
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رۆژی هەینی، یفعات تۆمەر یەرۆشالمی، داواکاری گشتیی پێشووی سەربازیی ئیسرائیلیان ئازادکرد بەڵام خستیانە ژێر مانەوەی زۆرەملێ لە ماڵەوە، هاوکات ئەو مۆبایلەی کە بۆ چەند رۆژێک ئیسرائیلی سەرقاڵ کردبوو، دۆزرایەوە.
ئەم پێشهاتانە دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی تۆمەر یەرۆشالمی و هەفتەیەک دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی و دانپێدانانی بە دزەپێکردنی ڤیدیۆیەک دێت کە ساڵی رابردوو کاردانەوەی گەورەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێکەوتەوە.
دادوەرێک بڕیاریدا بەرپرسە پێشووەکە بە کەفالەتی 20 هەزار شیکڵ (نزیکەی6 هەزار دۆلار) ئازاد بکرێت و بۆ ماوەی 10رۆژ لە ماڵەوە بمێنێتەوە، هەروەها بۆ ماوەی 55 رۆژ رێگری لێکراوە پەیوەندی بە هەر کەسێکەوە بکات کە تێوەگلاوە لە کەیسەکەدا.
دەسەڵاتداران گومانیان هەیە کە تۆمەر یەرۆشالمی تێوەگلابێت لە "فێڵکردن و ناپاکی لە ئەمانەت، خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی، رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی دادپەروەری، و ئاشکراکردنی نایاسایی زانیاری."
لەو ڤیدیۆیەدا کە ساڵی رابردوو دزەیپێکرا، دەردەکەوێت کە سەربازانی ئیسرائیل مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستبەسەرکراوێکی فەلەستینی خەڵکی غەززە دەکەن لە بنکەی دەستبەسەرکردنی سدی تێمان، کە بووە هۆی ئەوەی تووشی پێکانێکی سەخت بێت و بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
چیرۆکی ونبوونی مۆبایلەکە
تۆمەر یەرۆشالمی ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو دەستگیرکرا، دوای ئەوەی بۆ چەند سەعاتێک لە کەناراوەکانی نزیک تەلئەبیب ونبوو، ئەمەش ترسی ئەوەی لای پۆلیس دروستکرد کە خۆی کوشتبێت.
کاتێک دۆزرایەوە، مۆبایلەکەی نەدۆزرایەوە، ئەمەش گومانەکانی لای پۆلیس زیاتر کرد کە رەنگە بەڵگەی تێدابێت کە دژی خۆی بێت.
دۆزینەوەی مۆبایلەکە:
بۆ چەند رۆژێک، دەسەڵاتداران و خۆبەخشان بەدوای مۆبایلەکەدا دەگەڕان، تا دواجار رۆژی هەینی لە کەناراوێکی باکووری شارەکە دۆزرایەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی بەشدار لە لێکۆڵینەوەکەدا، "سەرەڕای گومانە سەرەتاییەکان، دڵنیابوونەوە کە مۆبایلەکە هی تۆمەر یەرۆشالمییە، چونکە دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی هێشتا نیوەی بارگەی تێدامابوو و کاری دەکرد."
ئەو ژنەی کە مۆبایلەکەی دۆزیوەتەوە رایگەیاندووە، بەدوایدا نەدەگەڕا، بەڵکو "بە رێکەوت لەکاتی مەلەکردندا لە دەریادا" دۆزیویەتییەوە و یەکسەر پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە.



