نوسینگەی ناتانیاهۆ: ناسنامەی ئەو تەرمە ئیسرائیلییەمان دیاریکرد کە وەرمانگرتەوە
راهۆز
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناسنامەی ئەو تەرمەی ئاشکراکرد کە دوێنێ وەریانگرتبووەوە و رایگەیاند، پاشماوەکە هی لیئۆر رودایفە کە یەکێک بوو لە دەستبەسەرکراوەکان.
بەپێی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی؛ رودایف لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی 61 ساڵ بوو، خێزان و چوار منداڵ و سێ نەوەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
بزوتنەوەی جیهادی فەلەستینی ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، تەرمی بارمتەیەکیان رادەستی خاچی سور کردووە و ئاماژەیان بەوەکردبوو کە پاشماوەکە لە شاری خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە دۆزراوەتەوە.
دواتر نوسینگەی ناتانیاهۆ پشتڕاستیکردەوە کە تابوتێک کە پاشماوەی یەکێک لە بارمتەکانی تێدابووە، لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سورەوە لە غەززە رادەستی هێزەکانی ئیسرائیل کراوە و بۆ دیاریکردنی ناسنامەکەی گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
جێی باسە، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، حەماس هەر 20بارمتە زیندووەکەی ئیسرائیلی ئازادکرد، لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار دیلی فەلەستینی لەلای ئیسرائیل.
رێککەوتنەکە رادەستکردنەوەی پاشماوەی تەرمی 28 بارمتەی دیکەشی لەخۆگرتبوو، لە بەرامبەر پاشماوەی تەرمی 360 چەکداری گروپە فەلەستینییەکان.
تا ئێستا تەرمی 22بارمتە لە بەرامبەر پاشماوەی تەرمی285 فەلەستینی گۆڕدراونەتەوە، بەڵام دەسەڵاتە تەندروستییەکانی غەززە هێشتا نەیانتوانیوە ناسنامەی هەموویان دیاری بکەن.



