ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری دەم پارتی، رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە شێوازێکی جیاواز لە رابردوو بەڕێوەدەچێت و لە یەکەم دیداریاندا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە روونیی دڵسۆزیی ئەویان بۆ ئاشتی بینیوە و باسیش لە رۆڵی سەکردەکانی ناو تورکیا و ئەردۆغانیش دەکات.

ئەحمەد تورک وتیشی: "ئەم پرۆسەیە، پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی گەلانە لەسەر بەها دیموکراتییە هاوبەشەکان" و جەختی لەوەشکردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بنەمای یاسایی بەهێز بکرێت.


ئەحمەد تورک وتی: "فراکسیۆنێکی نەتەوەپەرست هەیە، دەبینین کە نیگەرانن لەوەی پرۆسەکە بەرەو ئاشتی بڕوات، ئەمەش لە رێگەی ئەو کەسانەوە بە روونی دەبینین کە دەیهێننە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان."  ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات دەزانێت، رۆڵێکی چالاکتری هەبێت لە دابینکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا.

ئەحمەد تورک جەختیکردەوە: "پێویست ناکات ئەم پڕۆژەیە تەنها وەک دانانی چەکی پەکەکە ببینرێت، بەڵکو دەبێت وەک پڕۆژەیەکی گەورەتر سەیر بکرێت کە لە برایەتیی تورک و کورد زیاترە و رێگە بۆ دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەکات." وتیشی، تورکیایەک کە کێشەی کوردی چارەسەر کردبێت، سوودێکی گەورە بە ناوچەکە دەگەیەنێت. "پێویستە وەک وێنە گەورەکە سەیری پرۆسەی چارەسەری بکرێت، بیروبۆچوونت هەرچییەک بێت، دەبێت هاوکار بیت لە پرۆسەی چارەسەریدا." ئەحمەد تورک ئەوەشی خستەڕوو کە هێشتا چینێکی نا-سیاسی لە تورکیادا دەڵێن "کورد بوونی نییە" و وتی: "ئاگایان لەوە نییە چی روویداوە، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم چینەش روونبکرێتەوە.


ئەحمەد تورک دووپاتیکردەوە کە کێشەی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە و وتی: "کێشەیەکی لەم جۆرە تەنها سەرکردەیەک دەتوانێت چارەسەری بکات کە باڵادەستیی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر کردبێت،" و لەم روانگەیەوە رایگەیاند کە ئەردۆغان لە پێگەیەکی بەهێزدایە. تورک بیریهێنایەوە کە لە رابردوودا دوو خول پەرلەمانتاری جەهەپە بووە و وتی: "راست نییە جەهەپە وەک یەک پاکێج هەڵبسەنگێنرێت. لەناو پارتەکەدا هاوڕێمان هەن کە پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام هەندێکیش هەن پێیانوایە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا ئێمە بەرەو لایەنێکدا دەڕۆین، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. ئۆزگور ئۆزێل کەسێکە کە دەیەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت. من هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزێل بە بنیاتنەرانە دەزانم."

ئەحمەد تورک، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەو تێکۆشانە کرد کە لە رابردووەوە تا ئێستا بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیانە ئەنجامیان داوە.