یفات تۆمەر یەروشالمی، داواکاری گشتیی سەربازیی ئیسرائیل کە هەفتەی رابردوو دەستی لەکارکێشایەوە، بەهۆی دزەپێکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە دەستگیرکرا کە تێیدا دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر دەستبەسەرکراوێکی فەلەستینی.


تۆمەر یەروشالمی تۆمەتبارە بەوەی کە رێگری لە لێکۆڵینەوەی پۆلیس کردووە لە دۆسیەی دزەپێکردنی ڤیدیۆکە، کە دەرکەوتووە خۆی لەپشت بڵاوکردنەوەیەوە بووە. لە کاتی دەستلەکارکێشانەوەیدا، بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، ویستویەتی "روبەڕووی پروپاگەندەی چەواشەکارانە ببێتەوە کە دژی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسای سەربازی دەکرێت."

بەڵام دواتر دەرکەوت کە ناوبراو نەک هەر خۆی ڤیدیۆکەی دزەپێکردووە، بەڵکو جێگرەکەی خۆی راسپاردووە بۆ "لێکۆڵینەوە" لە رووداوەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش بەو شێوەیە دەرچووە کە "هیچ رێگەیەک نییە" بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنەکە.


گرتە ڤیدیۆییەکە کە لەلایەن کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، تێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەک سەرباز لە بنکەی سەربازیی "سدی تێمان" لە باشوری ئیسرائیل، هێرش دەکەنە سەر چەکدارێکی بزووتنەوەی حەماس کە دەستبەسەرە. بەپێی زانیارییەکان، لێدانەکە بە تەواوی روون نییە، چونکە سەربازەکان بە قەڵغانەکانیان دیوارێکیان لە دەوری دەستبەسەرکراوەکە دروستکردووە. دواتر ئەو دەستبەسەرکراوە فەلەستینییە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.


ئاشکرابوونی ئەم پیلانگێڕییە دوای پشکنینی ئاسایی "پۆلیگراف" (درۆدۆزەرەوە) هات بۆ وتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتی، کە دانی بە هەموو شتێکدا ناوە. هەروەها دەرکەوتووە کە گروپێکی نهێنیی واتسئاپ هەبووە کە لانیکەم نۆ ئەفسەری دیکەی هەمان نووسینگە تێیدا ئەندام بوون و ئاگاداری دزەپێکردنەکە و شاردنەوەی راستییەکان بوون، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

لەسەر رووداوەکە، پێنج سەربازی یەدەگ تۆمەتبارکراون، لە کاتێکدا پارێزەرەکانیان ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە گوایە دەستدرێژیی سێکسیش کرابێتە سەر دەستبەسەرکراوەکە.

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی سەرکۆنە کرد و بە "مەترسیدارترین هێرشی پروپاگەندە" ناویبرد کە ئیسرائیل لە دامەزراندنییەوە رووبەڕووی بووبێتەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەوبارەیەوە دەکرێت.

لایەنگرانی چاکسازیی دادوەری لە حکومەتی ئیسرائیلدا، ئەم دۆسیەیە وەک روونترین نموونە بۆ بوونی "دەوڵەتی قوڵ" لەناو دامەزراوەکانی ئیسرائیلدا بەکاردەهێنن.