بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە ئەفغانستانی هەژاند و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
راهۆز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە بە پێوەری رێختەر شاری مەزاری شەریفی لە باکوری ئەفغانستان هەژاند، بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکە برینداربوون.
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە لە قوڵایی 28 کیلۆمەتردا بووە لە نزیک شاری مەزاری شەریف. لە ئامارێکی سەرەتاییدا، وتەبێژی تەندروستی هەرێمی سەمەنگان رایگەیاندبوو کە 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 150ی دیکە برینداربوون، بەڵام دواتر دەسەڵاتە خۆجێیەکان ئامارەکەیان بۆ لانیکەم 20 کوژراو و 320 بریندار بەرزکردەوە.
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا "ئاگادارکردنەوەی پرتەقاڵی" دەرکردووە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری "روودانی زیانی گیانیی گەورە و کارەساتێکی بەرفراوان." دەستەکە راشیگەیاندووە، ئەو رووداوانەی پێشتر گەیشتوونەتە ئەم ئاستەی ئاگادارکردنەوە، پێویستیان بە بەدەنگەوەچوونی نیشتمانی و هەرێمی هەبووە.
حاجی زەید، وتەبێژی هەرێمی بەلخ رایگەیاند، بومەلەرزەکە زیانی بە بەشێک لە مەزارگەی پیرۆزی شاری مەزاری شەریف گەیاندووە، کە بە مزگەوتی شین ناسراوە. هاوکات، دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئەفغانستان رایگەیاندووە کە دواتر راپۆرتی ورد لەبارەی زیانەکانەوە بڵاودەکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەو کەسانە بڵاوکراوەتەوە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکاندا گیریان خواردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بومەلەرزەی تێدا روودەدات. لە ساڵی 2023 بومەلەرزەیەک گیانی لانیکەم هەزار کەسی سەند، هەروەها لە ساڵی 2015 بومەلەرزەیەکی دیکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس لە ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێ.



