پزیشکیان:دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بە هێزێكی زیاترەوە ئاوەدان دەکەینەوە
بڵند
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی "بە هێزێکی زیاترەوە" دامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی ئاوەدان دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەستپێکردنەوەش زانیارییەکان لە مێشکی زاناکانیاندا ئامادەن، وێرانبونی بنکە ئەتۆمیی و باڵەخانەکان خاویان ناکەنەوە و کێشە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دروست ناکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسعود پزیشکیان سەردانی بارەگای رێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە تاران کرد و جەختیکردەوە لەوەی ئەوان بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەکرد، راستە شوێن و باڵەخانەکان وێرانکراون، بەڵام زانست و زانیارییەکان لە مێشکی زاناکانیاندایە و فراوانکردنی پیشەسازی ئەتۆمی ئامانجی خزمەتکردنی گەلەکەیانە بە مەبەستی باشترکردنی خۆشگوزەرانی نیشتمانییە نەک بۆ بەرهەمهێنانی چەک.
ئەم قسانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، پێش ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە بنکەی ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکرێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندبوو کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران گەیشتووەتە ٪60 بەمەش ئێران لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە.



