حەماس: تۆمەتەکانی ئەمریکا رەتدەکەینەوە سەبارەت بە تاڵانکردنی بارهەڵگرێکی هاوکارییەکان
بڵند
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
حەماس رایدەگەیەنێت، تۆمەتەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی رەوایەتیدانە بە کەمکردنەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان کە لە ئێستاوە سنوردار کراون بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە .
دوای ئەوەی دوێنی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد؛ چەکدارەکانی حەماس دەست بە سەر بارهەڵگرێکدا دەگرن، کەهاوکاری تێدا بووە ئەمڕۆ حەماس لە راگەیەندراوێکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حەماسدا هاتووە؛ بە توندی ئیدانەی تۆمەتەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە تاڵانکردنی بارهەڵگرێکی یارمەتی و دووپاتی دەکەنەوە کە ئەمانە بانگەشەی بێ بنەمان.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ تۆمەتەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی رەوایەتیدانن بە کەمکردنەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان کە لە ئێستاوە سنووردار کراون بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە.
جەختیشیانکردوەتەوە؛ ئەو دیمەنەی کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا قسەکانی لەسەر بنیات ناوە، هەڵبەستراوە و داڕێژراوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتەکانی گەمارۆدان و کەمکردنەوەی پشتیوانی.
ئەمە لە کاتێكدایە، دوێنێ فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆمارکرابوو و لەسەریان نوسی بوو، ژمارەیەک چەکداری حەماس دەست بەسەر بارهەڵگرێدادەگرن کە پڕە لە هاوکاری و بۆ خەڵکی غەززە نێردراوە.



