مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ پێویستە حەماس چەکدابنێت و لە ئێستادا بونەتە بەربەست و ناهێڵنن هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە دەست خەڵکی غەززە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس، گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەکدارەکانی حەماس، بارهەڵگرێک دەبەن بۆ خۆیان و دەستیبەسەردا دەگرن لەو بارهەڵگرانەی وەک هاوکاریی هاتونەتە خان یونس.

وەزیرەکەی ئەمریکا لەسەر گرتە ڤیدیۆییەکە نوسیویەتی؛ "حەماس بەردەوامە لەوەی نەهێڵێت  ئەو هاوکارییە مرۆییانەی خەڵکی غەززە، کە زۆر پێویستیان پێیەتی بگاتە دەستیان."

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بردنی ئەم بارهەڵگرە لەلایەن حەماسەوە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان تێکدەدات بۆ پشتیوانیکردن لە پلانە 20 خاڵییەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە غەززە.

ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە لەوەی لە ئێستادا حەماس بەربەستە و دەبێت چەکی خۆی دابنێت بۆ ئەوەی غەززە داهاتوویەکی باشتری هەبێت.