ئوردن و ئەڵمانیا مەرجێک بۆ بڵاوکردنەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە غەززە دادەنێن
راهۆز
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئوردن و ئەڵمانیا رۆژی شەممە رایانگەیاند کە هەر هێزێکی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە کەرتی غەززە بڵاوەپێبکرێت، دەبێت رێگەپێدانی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەبێت.
ئەم هێزە بەشێکە لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پلانی 20 خاڵییەکەی ترەمپ، لە قۆناغێکی دواتردا، داوای پێکهێنانی "هێزێکی کاتیی سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی دەستبەجێ" لە غەززە. ئەرکی ئەم هێزە "دابینکردنی راهێنان و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینیی پەسەندکراو" لە کەرتی غەززە.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە میانی کۆڕبەندی "دیالۆگی مەنامە" لە پایتەختی بەحرەین، رایگەیاند: "هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی هێزی سەقامگیری بتوانێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا کاریگەر بێت، دەبێت رێگەپێدانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەبێت".
سەفەدی جەختیشی کردەوە کە ئوردن سەربازەکانی نانێرێت بۆ بەشداریکردن لەم هێزەدا. شایەنی باسە، عەممان بەشداری لەو ناوەندەدا دەکات کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە باشوری ئیسرائیل دامەزراوە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.
لەلایەن خۆیەوە، یۆهان ڤادیفول، هاوتا ئەڵمانییەکەی سەفەدی، پشتیوانیی بەرلینی بۆ پێدانی رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هێزە نێودەوڵەتییەکە لە غەززە، دەربڕی. ڤادیفول رایگەیاند کە هێزەکە "پێویستی بە بنەمایەکی یاسایی رون دەبێت لە یاسای نێودەوڵەتیدا" و دانی بەوەدانا کە ئەمە "گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی کە رەنگە ئامادەبن هێزەکانیان بنێرن بۆ غەززە، هەروەها بۆ فەڵەستینییەکانیش. ئەڵمانیاش دەیەوێت رێگەپێدانێکی رون بۆ ئەم هێزە ببینێت".
پێشتریش، گروپە فەڵەستینییەکان بە سەرۆکایەتیی بزوتنەوەکانی فەتح و حەماس، لە کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، جەختیان لە "گرنگیی دەرکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبووەوە سەبارەت بەو هێزە کاتییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست".



