سەید عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڕەشەکانی ئیسرائیل خستەڕوو و رایگەیاند، ماددە ئەتۆمییەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی دامەزراوە بۆردومانکراوەکاندان و وتیشی؛ ناتوانین پیتاندن رابگرین.

لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا، عراقچی جەختی کردەوە: "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و پێشبینیی هەر رەفتارێکی دوژمنکارانە لەلایەن دوژمنانەوە دەکەین". ناوبراو وتیشی؛ کە ئیسرائیل بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەیدەتوانی هێرش بکاتە سەر ئێران و وتی: "ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگە و سەلماندی کە ئیسرائیل دوژمنی راستەقینەی ناوچەکەیە".

سەبارەت بە دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ نیشاندا بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و دڵنیاییدا لە ئاشتیانەبوونی. ئەو وتی: "دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ئارادایە، بەڵام واشنتن مەرجی قبوڵنەکراوی خستووەتەڕوو".

عراقچی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەرگیز دانوستان لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ناکات و هیچ کەسێکی ژیر چەککردنی خۆی قبوڵ ناکات. ناوبراو وتیشی: "ناتوانین پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرین و ئەوەی بە جەنگ بەدەست نەهاتووە، ناتوانرێت بە سیاسەت ببەخشرێت".

عراقچی ئاماژەی بەوەشکرد کە خواستیان بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن نییە، بەڵام دەتوانن لە رێگەی دانوستانی ناراستەوخۆوە بگەنە رێککەوتن.

سەبارەت بە دۆخی ماددە پیتێنراوەکانی ئێران، وەزیری دەرەوە وتی: "ماددە ئەتۆمییەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکاندا ماونەتەوە و بۆ هیچ شوێنێکی تر نەگواستراونەتەوە".

لە کۆتاییدا،عراقچی هەڵوێستی ئێرانی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دووپاتکردەوە و وتی: "ئێمە پشتگیریی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەین و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە شەرمەزار دەکەین".