لەنزیک یەکێک لە حەوت سەمەرەکەی جیهان، هەرەمی گەورەی خوفو لە جیزە، ئەمڕۆ شەممە میسر بە رەسمی دەرگای مۆزەخانەی گەورەی میسری کردەوە، کە بە یەکێک لە دیارترین پڕۆژە کولتوورییەکانی سەردەمی نوێ دادەنرێت.

ئەم مۆزەخانەیە، کە بە گەورەترین مۆزەخانەی شوێنەواری لە جیهاندا وەسف دەکرێت، نزیکەی 100 هەزار پارچە شوێنەوار لەخۆدەگرێت کە مێژووەکەیان بۆ حەوت هەزار ساڵی مێژووی میسر دەگەڕێتەوە، لە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە تا دەگاتە سەردەمی یۆنانی و رۆمانی.

گەنجینەی توت عەنخ ئامون؛ ئەزموونێکی نوێ:

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی مۆزەخانەکە، نمایشکردنی تەواوی کەلوپەلەکانی ناو گۆڕی توت عەنخ ئامون، پاشا گەنجەکەی میسرە، کە بۆ یەکەمجارە بە تەواوی نمایش دەکرێن. ئەم گەنجینەیە زیاتر لە 5,500 پارچە لەخۆدەگرێت، لەوانە دەمامکە زێڕینە سەرسوڕهێنەرەکە، تەختی پاشایەتی و گالیسکە جەنگییەکان.

دکتۆر تارق تەوفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی میسر، دەڵێت: "بیرۆکەکەم ئەوەبوو کە تەواوی گۆڕەکە نمایش بکەم، واتە هیچ شتێک لە کۆگاکاندا نەمێنێتەوە و هیچ شتێک لە مۆزەخانەکانی تردا نەمێنێتەوە. بەمەش سەردانکەران هەمان ئەو ئەزموونە تاقی دەکەنەوە کە هوارد کارتەر پێش زیاتر لە سەدەیەک تاقیکردەوە."

بانگەواز بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارەکان:

هاوکات لەگەڵ کردنەوەی مۆزەخانەکە، زانایانی میسر داواکارییەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە سەرەکییەکانی میسر لە وڵاتانی تر چڕتر کردووەتەوە. دیارترین ئەو شوێنەوارانەی داوای گەڕاندنەوەیان دەکرێت بریتین لە:

  • بەردی رۆزێتا (Rosetta Stone): کە لە مۆزەخانەی بەریتانی نمایش کراوە.

  • بورجی ئاسمانیی دندەرە (Dendera Zodiac): کە لە مۆزەخانەی لوڤەر لە پاریسە.

  • نیو پەیکەری نەفەرتیتی: کە لە بەرلین نمایش کراوە.

زاهی حەواس، وەزیری پێشووی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر، دەڵێت: "پێویستە ئەم سێ پارچەیە وەک نیازپاکی و دیارییەک لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە بگەڕێندرێنەوە، هەروەک چۆن میسر چەندین دیاریی بەخشییوەتە جیهان."

کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری:

تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی 1.2 ملیار دۆلارە و پێشبینی دەکرێت ساڵانە 8 ملیۆن گەشتیار سەردانی بکات، ئەمەش بوژانەوەیەکی گەورە بە کەرتی گەشتیاریی میسر دەبەخشێت کە بەهۆی قەیرانە هەرێمییەکانەوە زیانی بەرکەوتبوو.

ئەحمەد سدیق، رێبەری گەشتیاری، دەڵێت: "هیوادارین مۆزەخانەی گەورەی میسر سەردەمێکی زێڕینی نوێ بۆ زانستی میسریات و گەشتیاریی کولتووری دەستپێبکات."

مێژووی پڕۆژەکە:

بیرۆکەی دروستکردنی مۆزەخانەکە بۆ ساڵی 1992و سەردەمی حوسنی موبارەک دەگەڕێتەوە و کاری بیناسازی لە ساڵی 2005دەستیپێکرد. بەڵام پڕۆژەکە روبەروی چەندین ئاستەنگ بووەوە، لەوانە قەیرانی دارایی، بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011، پەتای کۆڤید-19 و جەنگە هەرێمییەکان، کە بوونە هۆی دواکەوتنی کارەکانی.