بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە هاوپەیمانی ئیسرائیل کرد کە هەر پێشنیازێک بۆ لکاندنی بەشێک لە کەناری رۆژئاوا ەل پەرلەماندا تا کاتێکی نادیار رابگرێت، ئەمەش دوای هۆشدارییەکی ترەمپ کە وتبوی ئیسرائیل بەو کارەی هەموو پاڵپشتییەک لەدەست دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دەنگدانی پەرلەمان لەسەر پلانی لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە خاکی ئیسرائیلەوە، گێچەڵکردنە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە میانی سەردانێکی جێگری سەرۆکی ترەمپ، جەی دی ڤانس بۆ ئیسرائیل.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو کارەوە رایگەیاند، ئەوە رونادات، چونکە ئەو بەڵێنی بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە، ئەگەر ئەوە روبدات، ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستدەدات.

لە هەمان کاتدا ئیتمار بن گفیر وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل وەڵامی ترەمپی داوەتەوە  و دەڵێت؛  ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەرە و ئەندامانی پەرلەمان بە پێی ویستی خۆیان دەنگ دەدەن.

ئەمە لە کاتێكدایە سعودیە و  زیاتر لە 10 وڵاتی عەرەبی و موسڵمان لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا پێشکەوتنی پلانەکانی لکاندنی بەشێک لە کەناری رۆژئاوا بە خاکی ئیسرائیلەوە لە پەرلەمان ئیدانەیان کرد.