لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئازەربایجانی رۆژئاوا” مەسعود پزیشکیان، رایگەیاند بەنزین زۆر هەرزانە، گومانی تێدانییە دەبێت بەنزین گران بکرێت، لێرە لیترێک ئاو کەدەیدەینە خەڵک  گرانترە دەکەوێت لە لیترێک بەنزین لەسەر حکومەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ رۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئازەربایجانی رۆژئاوا  کۆبوەوە و لەسەر پرسی بەنزین و ئاو قسەی کرد.

هەفتەی رابردوو، کە فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەت رایگەیاندبوو کە حکومەت هیچ بڕیارێکی نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی.

بە پێچەوانەی وتەبێژەکەیەوە، مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، لێرە لیترێک ئاو زیاتر لەسەر حکومەت دەکەوێت تا لیترێک بەنزین ئەوەندە هەرزانە، گومانی تێدانییە پێویستە بەنزین گرانتر بکرێت، کێ وتی بەنزین هەر لیترێک هەزار و 500 تومەنە؟ ئاویش بەم نرخە نییە، بەڵام ئایا ئەوەندە سادەیە بۆ من دەستوەردان لە نرخی بەنزین بکەم؟

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە کەمبونەوەی ئاویشکرد و رایگەیاند، ساڵی رابردوو بارانبارین بەڕێژەی لەسەدا 40 کەمتر بووە، ئەمساڵیش دیسانەوە بەڕێژەی لەسەدا 40 کەمتر بووەتەوە.

پزیشکیان، رەخنەی لە شێوازی بەکارهێنانی ئاو لە وڵاتەکەیدا گرت و جەختیکردەوە پێویستە پلان دابنێین لەسەر بنەمای ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە هەمانە بۆ ئەوەی بتوانین سەرمایەی ئاو بە باشی بەکاربهێنین.