جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایەتیی تووندی خۆی دەربڕی بەرانبەر بڕیارەکەی کنێستی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی سەروەری بەسەر بەشێک لە کەناری رۆژئاوادا و جەختیکردەوە کە هەستدەکات بەهۆی ئەو دەنگدانەوە "خەڵەتێنراوە".

"بەڕاستی کارێکی گەمژانەیە"

ڤانس وتی: "ئەمە زۆر سەیر بوو، هەستم بە سەرلێشێواوییەکی زۆر کرد. چەندین جار پێم وترا کە دەنگدانەکە تەنها رێکارێکی رەمزییە و تەنها مەبەست لێی بەدەستهێنانی خاڵی سیاسیی ناوخۆییە. ئەگەر ئەوە راست بێت، ئەوا بەڕاستی کارێکی گەمژانەیە و من لێی بێزارم."

ناوبراو دژایەتیی خۆی بۆ هەنگاوەکە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ رونە: لەم کاتەدا هیچ لکاندنێک بۆ کەناری رۆژئاوا بوونی نییە."

هۆشداریی پێشوەختەی واشنتن

لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر و لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل هۆشداری دابوو کە ئەم دەنگدانە ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی ناسکی ئاگربەستەکە لە کەرتی غەززە بخاتە مەترسییەوە.

ڕۆبیۆ وتبووی: "بەردەوامبوون لەسەر ئەم یاسایە ڕەنگە هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بکات، تەنانەت ڕەنگە ببێتە ڕێگر لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی سەرۆک ترەمپ."

دەنگدانێکی گرنگ و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

جێی باسە، دەنگدانی سەرەتایی لە کنێست دوای گفتوگۆیەکی تووند، بە جیاوازییەکی زۆر کەم — 25 دەنگ بەرامبەر 24 دەنگ — تێپەڕی. ئێستا پڕۆژەیاساکە رەوانەی لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن، پێش ئەوەی بۆ خوێندنەوەی دووەم و سێیەم بخرێتەوە بەردەم دانیشتنی گشتی.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، چەندین وڵات دژایەتیی خۆیان بۆ دەنگدانەکە راگەیاند و دووپاتیانکردەوە کە پشتگیری لە مافی گەلی فەڵەستین دەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر سنووری ساڵی 1967 بە پایتەختی قودسی رۆژهەڵات، بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.