ئەمریکا: ئاگربەستەکەی غەززە بەردەوامە
راهۆز
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس پابەندی ئاگربەستەکەن و رێککەوتنەکەش بەرقەرارە، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ هێزێکی سەربازی لە کەرتی غەززە بڵاوەپێناکات و پلانی ئاوەدانکردنەوەش بە مەرج دەبێت.
"رێککەوتنەکە بەرقەرارە"
ئەو بەرپرسە رونیکردەوە کە سەرەڕای بوونی هەندێک حاڵەتی دەرچوون لە ڕێککەوتنەکە، ئیسرائیل و حەماس رێز لە ئاگربەستەکە دەگرن و جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە بەرقەرارە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک ناکۆکی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا هەیە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن و وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کاردەکات بۆ جێگیرکردنی پلانی غەززە. هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشەکاندا بەردەوامن سەبارەت بە داهاتووی غەززە و قۆناغی دوای جەنگ.
ئاوەدانکردنەوەی غەززە
بەرپرسە ئەمریکییەکە دووپاتیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ هێزێکی سەربازی لە کەرتی فەڵەستین بڵاوەپێناکات.
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە وتی: "دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دەکەین کە حەماسی تێدا نییە،" و هیوای خواست لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا، رەفەح لە باشووری کەرتەکە ئاوەدان بکرێتەوە.



