دەزگای پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیران، بە بیتسائیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی وتووە کە نایەوێت لە کاتی سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمریکادا، پرسی سەروەریی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا بجوڵێنرێت و ببێتە مایەی دروستکردنی گرژیی.

"پەنجە مەکە بە چاویدا"

بەپێی زانیارییەکان، نووسینگەی سەرۆک وەزیران بە سمۆتریچی راگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان نایەوێت ئیسرائیل کەناری رۆژئاوا بخاتە سەر خاکەکەی، و لە پەیامێکی روندا بۆ وەزیرەکە هاتووە: "کاتێک جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس سەردانمان دەکات، پەنجە مەکە بە چاویدا."

ئەم ئاگادارکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە لەلایەن ئەندام کنێست ئاڤی ماوزەوە پێشکەشکرا بوو بۆ سەپاندنی سەروەریی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا، ئەمەش هەنگاوێکە پێچەوانەی هەڵوێستی راگەیەنراوی ناتانیاهۆیە. لە بەرامبەردا، سمۆتریچ رایگەیاندووە کە چاوەڕێی دەکرد تا هەفتەی داهاتوو پڕۆژەکە بخاتەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە تەنها لە دەستی ئەودا نەبووە.

دەزگای پەخشەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە سمۆتریچ ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی بە "کەمتەرخەمیی ناتانیاهۆ" ناوی دەبات بەرامبەر دانپێدانانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی بە دەوڵەتی فەڵەستین و سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیلدا.

سمۆتریچ داوای لە ناتانیاهۆ کردووە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر "تەواوی خاکی یەهودا و سامیرە (کەناری رۆژئاوا)" بسەپێنێت و لە راگەیەندراوێکدا وتی: "بەڕێز سەرۆک وەزیران، کنێست قسەی خۆی کرد. گەل قسەی خۆی کرد. کاتی ئەوە هاتووە سەروەریی تەواو بەسەر میراتی مێژوویی خۆماندا بسەپێنین."