سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) هۆشدارییەکی توند دەدات لەوەی کاریگەرییەکانی بەدخۆراکی لەسەر ژنانی دووگیان و منداڵانی ساوا لە کەرتی غەززە، "بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت" و رەنگە "بۆ هەتاهەتایە کێشەی تەندروستی" بۆ ئەو منداڵانە دروست بکات کە ئێستا لەدایک دەبن.

"وێرانکارییەک لە فیلمی هۆلیوودی دەچێت"

ئەندرۆ سابرتۆن، نوێنەری سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای گەڕانەوەی لە ئەرکێکدا لە غەززە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەبارەی ئەو وێرانکارییەی بینیویەتی لە فیلمێکی هۆلیوود دەچێت. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە هەر چوار کەسێک لە غەززە یەکێکیان تووشی برسێتی بووە، کە 11 هەزار و 500 ژنی دووگیانیش لەنێویاندایە.

"%70ی منداڵەکان بە کێشی کەم لەدایک دەبن"

بەهۆی بەدخۆراکییەوە،%70ی منداڵە تازە لەدایکبووەکان بە ناكامى و کێشی کەم لەدایک دەبن، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە پێش 7ی ئۆکتۆبەری 2023 تەنها %20بوو. سابرتۆن رونیکردەوە، "هەموو دامەزراوەکانی تایبەت بە منداڵانی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەکانی کەرتەکە بە رێژەی %170ی توانای خۆیان کاردەکەن، ئەمەش وایکردووە چەندین منداڵ لە یەک ئامێری دایەن دابنرێن."

"سیستمی تەندروستی داڕماوە"

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "بەدخۆراکی کێشەی گەورەترینە" و لەگەڵیدا کێشەی کەمیی دەرمان و وێرانبوونی ژێرخانی تەندروستی بوونی هەیە. لە ئێستادا سێیەکی حاڵەتەکانی دووگیانی لە کەرتەکە بە "مەترسیدار" هەژمار دەکرێن و رێژەی گیانلەدەستدانی دایکانیش "بەرزە". %94ی نەخۆشخانەکانی کەرتەکە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون و تەنها %15ی دامەزراوەکان خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی منداڵبوون پێشکەش دەکەن.

"توندوتیژیی جێندەری تەقیوەتەوە"

سابرتۆن ئاماژەی بەوەشکرد، نەبوونی ئامرازەکانی رێگریکردن لە دووگیانی وایکردووە هەندێک ژن پەنا بۆ "لەباربردنی مەترسیدار" ببەن. هەروەها وتیشی، "هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەری و سێکسی، لەنێویاندا بەشودانی پێشوەختە، لە غەززە زیادیکردووە، هەروەک لە هەموو ململانێکانی دیکەدا رودەدات."