لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتەکان لەسەر قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە عەفرین، نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر مافی هەموو گەلان بۆ خوێندن و قسەکردن بە زمانی دایکی خۆیان کردەوە و بە مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤی وەسف کرد.

فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئاگاداری ئەو راپۆرتە میدیاییانەن کە باس لە لابردنی پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی و سەپاندنی زمانی عەرەبی وەک تاکە زمانی خوێندن لە عەفرین دەکەن.

هەرچەندە فەرحان حەق رایگەیاند کە ناتوانن راستی و دروستیی راپۆرتەکان پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە سکرتێری گشتی "باوەڕێکی پتەوی بە مافی هەموو خەڵک هەیە بۆ قسەکردن و فێربوون بە زمانی خۆیان." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، مافە زمانی و رۆشنبیرییەکان دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا پارێزراو بن، چونکە خوێندن بە زمانی دایک کۆڵەکەی ناسنامەی کولتووری و فرەڕەنگیی کۆمەڵایەتییە.

ئەم لێدوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی خوێندنی 2025-2025، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی عەفرین راگیراوە. ئەم بڕیارە نیگەرانیی دانیشتووان و مامۆستایانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و داوایان کردووە خوێندن بە زمانی کوردی دەستپێبکاتەوە.