ترەمپ: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران نایاب بوو.. هێشتا زیاتر ماوە
هەساو ئەمیر
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران رایگەیاندووە، نایاب بوون، هێشتا زیاتر ماوە.
کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە رایگەیاندووە، "دەرفەتمان دایە ئێران بەڵام نەیانقۆستەوە، بە توندی لێیان درا، زۆر توند، ئەوەندەی بیری لێدەکەیتەوە توند لێیان درا، هێشتا زۆری دیکە ماوە.. زۆر".
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێراندا دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵەکەی وتووە، نامەوێت لەبارەی ئەوەوە قسە بکەم.
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاندووە، "پێویستە بەر لەوەی هەموو شتێک لەدەست بدات، ئێران رێککەوتن بکات".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەمریکا فەرماندە سەربازی و دیبلۆماتکارەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشاندەوە و داواشی لە هاووڵاتیانی ئەمریکی کرد، لە هیچ دۆخێکدا گەشت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق نەکەن.
شەوی رابردوو و نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر خاکی ئێران ئەنجامدا و بەهۆیەوە 12 فەرماندەر باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران و 121 هاووڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.