وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت.

بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاندووە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کە دەکات 15ی حوزەیران، خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.

دوای بەڕێوەچوونی پێنج خولی دانوستانەکان، ئەگەرچی بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی گەیشتوونەتە قۆناغێکی باشی دانوستان و خودی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکردووە کە لە رێککەوتن نزیکن، بەڵام لە دوێنێ چوارشەممەوە و لەدوای هۆشدارییەکی ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی خۆی لە رۆژهەڵاتی، تاڕادەیەک دۆخەکان ناڕوونیی و ئاڵۆزیان پێوە دیارە.

دوێنێ ئەمریکا کارمەندە دبلۆماسی و ئەفسەرەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستەوە.

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە عیراق و هەولێر هۆشدارییان دایە هاووڵاتیانی ئەمریکی لەژێر هیچ بارودۆخێکدا گەشت بۆ عیراق نەکەن.