وەزیری بەرگری ئێران لە ئەگەری هەر هێرشێكدا بۆسەر وڵاتەكەی، هەڕەشەی ناچاركردنی ئەمریكا بەكشانەوە لە ناوچەكە دەكات.

عەزیز نەسیر زادە وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی ئامادەیە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هەر هێرشێك سەرجەم بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بكاتە ئامانج، دەشڵێت، ئەمریكا ناچار دەكەن ناوچەكە جێبهێڵێت.

نەسیرزادە ئاماژەی بەوەکردووە، نابێت توانای سەربازیی ئێران لە دانوستانەكانی نێوان واشنتن و تاران گفتوگۆی لەسەر بكرێت. وتووشییەتی، موشەكێكی نوێیان بە كڵاوەیەكی دوو تۆنی تاقی كردووەتەوە.

لێدوانەكانی وەزیری بەرگریی ئێران دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێك بە راشكاویی رایگەیاندووە، ئەگەر دانوستانەكانی نێوان واشنتنن و تاران نەگاتە ئەنجام، سوپای ئەمریكا دەستكراوەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.