باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق داوا لە هاووڵاتیانی ئەمریکا دەکات گەشت بۆ عیراق نەکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق لە راگەیەنراوێکدا، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگاداری پلە چواری داوەتە هاووڵاتییەکانی و داوایان لێدەکات گەشتی عیراق نەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بەهۆی مەترسی تیرۆر، رفاندن، ناکۆکی سەربازی، نائارامی مەدەنی و سنوری تواناکانمان لە پێشکەشکردنی فریاگوزاری بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی لە عیراق؛ بۆ هیچ مەبەستێک گەشتی عیراق مەکەن".
ئەوەشی خستووەتە روو، هاووڵاتیان لە عیراق رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و گروپە تیرۆرستییەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتیان و هێزە سەربازییەکان، ئەو گروپانەشی دژی ئەمریکان هەڕەشەکانیان بۆسەر ئەمریکا و هاووڵاتیان و کۆمپانیا و رێکخراوەکان لە عێراق بەردەوامە.
ئەوەش هاتووە، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە رێگە بە کارمەندانی ئەمنی ئەمریکا نادرێت فڕۆکەخانەی بەغدا بەکاربهێنن.
داواش لە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکات، بۆ مەبەستی بەشداری گروپە چەکدارەکان و هاوکاری ئەو گروپە تیرۆرستیانە بەهیچ جۆرێک نەچنە عیراق و سوریا و بە نایاسایی سنورەکان نەبەزێنن، چونکە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەمریکاش رووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە.
باڵیۆزخانەکە ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر بڕیاری گەشتت دا بۆ عیراق ئەوا پێویستە ئەم رێکارانە بگریتە بەر:
1.پلانێکی تۆکمە بۆ ئاسایشی خۆت دابنێ لەگەڵ خاوەن کارەکەت لەوێ یان رێکخراوێکدا کە بتپارێزێت، یان راوێژ بە رێکخراوێکی ئاسایشی پیشەیی بکە.
2.وەستێتنامەی خۆت بنووسە.
3.نموونەیەک لە DNAی خۆت جێبهێڵە لە تاقیگەیەکی راوێژکاریی بۆئەوەی لە هەر ئەگەرێکدا خێزانەکەت بتوانن بتناسنەوە.
4.لە پلانەکانتدا پشت بە هاوکاری حکومەتی ئەمریکا مەبەستە.
5.لەگەڵ کەسە نزیکەکانتدا پلانێک دابڕێژە بۆ چاودێریکردنی منداڵ، ئاژەڵی ماڵی، موڵک و پارە و هەر شتێکی دیکە. هەروەها ئەگەر خواستی دانانی پرسەشت هەبوو لەگەڵیاندا باسی بکە.
6.بەڵگەنامە گرنگەکان و زانیارییەکانت لەگەڵ کەسانی نزیکتدا لە ئەمریکا هاوبەشی پێبکە، بۆئەوەی ئەگەر نەتتوانی بگەڕێیتەوە ئەوان کارەکانت بۆ بەڕێوەببەن.