425 هەزار سوری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە سوریا
رەوەز
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکانی سوریا ئاشکرای کرد کە لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، زیاتر لە 425 هەزار هاوڵاتی سوری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
مازن عەلوش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی نێوان 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 تا 8ی حوزەیرانی 2025، 425 هەزار هاووڵاتی سوری لە دەروازە سنورییەکانەوە گەڕاونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتیانە."
بەپێی ئامارەکانی ئەو، تورکیا لە پێشەوەی وڵاتانی وەرگری پەنابەرانی سوری دایە، کە زیاتر لە 250 هەزار کەسی لەو وڵاتەوە گەڕاونەتەوە. ژمارەیەکی زۆری دیکەش لە لوبنان، ئوردن و عێراقەوە گەڕاونەتەوە.
عەلوش ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیان هەزار بیانی لە ئەورووپا، کەنەدا و وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بۆ سوریا هاتوون، چ بۆ سەردان یان نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.
لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووریی عورێزە لەگەڵ لوبنانەوە، عەلوش وتی: "لە سێشەممەی رابردووەوە کە ئەم دەروازەیە کرایەوە، زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار لێیەوە هاتوچۆیان کردووە."
ئەو رونی کردەوە کە کارەکان بەردەوامن بۆ دامەزراندنی رێڕەوێکی بازرگانیی هەمیشەیی لە نێوان سوریا و لوبنان لە رێگەی دەروازەی عورێزەوە، هەروەها تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی ژێرخان و نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دەروازەکە.
دەروازە سنورییە وشکانییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بریتین لە: کەسب، باب ئەلهەوا، حەمام، سەلامە، راعی و جەرابلوس.
دەروازەکانی سوریا و لوبنان: جەدیدە یابوس، جوسیە و عورێزە.
دەروازەی سنوریی سوریا و ئوردن: نسیب.
دەروازەی سنوریی سوریا و عیراق: ئەلبوکامال.