هاوسەرۆكی وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دانووستان لەگەڵ دیمەشق رایگەیاند، لە چوارچێوەی دانووستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق داوایانكردووە، هەسەدە رۆڵێكی گەورەی پێبدرێت لە سوپای سوریادا.

فەوزە یوسف، هاوسەرۆكی وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕی بۆ دانووستان لەگەڵ دیمەشق رایگەیاند، دانووستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق لەژێر سەرپەرشتی ئەمریكا و وڵاتانی هەرێمی بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت و دوای جەژنی قوربانیش، لیژنەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی 11ـی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق پێكدەهێنرێت.

ئەوەشی خستەڕو، دیمەشق دەیەوێت دامەزراوەكانی ئێستای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵبوەشێتەوە، بەڵام وەكو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەوان دژی ئەوەن و لەگەڵ مانەوەی دامەزراوەكانن بۆ سەركردایەتی قۆناغی ئێستای سوریا، دواتریش لە قۆناغی داهاتوودا كاردەكەن بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ببێتە بەشێك لە دەوڵەتی سوریا.

هاوسەرۆكی وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاماژەی بەوەشدا، داوایان لە دیمەشق كردووە بەراورد بە گروپە چەكدارەكانی تری سوریا، هەسەدە رۆڵێكی گەورەتری پێبدرێت لە سوپای سوریادا.