هەپەگە کوژرانی دوو گەریلای بەهۆی هێرشەکانی توركیاوە راگەیاند و دەڵێت، وەك پێویست وەڵامی هێرشەكانیان داوەتەوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە بڵاوی كردەوە سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستی یەكلایەنەیان راگەیاندووە، بەڵام سوپای توركیا هێرشەكانی رانەگرتوە و دوو گەریلای دیكە بەهۆی هێرشەکانیەوە کوژراون.

بەپێی راگەیەنراوی هەپەگە ئەو دوو گەریلایە لە 27 و 30 مانگی رابردوو لە ناوچەكانی سەر بە مەتینا بەهۆی هێرشەكانی سوپای توركیاوە کوژراون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی 30 مانگی رابردوو تا 4ی ئەم مانگە، زیاتر لە 10 جار وەڵامی هێرشەكانی توركیایان داوەتەوە كە هەندێكیان لە رێگەی درۆن و هەندێكیشان بۆردومان و تۆپبارانی ناوچەكانی گەریلا بوون.

هەپەگە جەختی لەوە كردووەتەوە، لەماوەی شەش رۆژدا گەریلا لە چوارچێوەی خۆپارستندا چەند یەكە و بنكەیەكی سوپای توركیایان كردووەتە ئامانج، كە بووەتە هۆی كوژرانی چوار سەرباز و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە.