سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی: دەبێت چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێندرێتەوە
رەوەز
٢٧ی ئایاری ٢٠٢٥
گوڵستان کیلیچ کۆچیغیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، داوای کرد دەستبەجێ هەنگاوی یاسایی بۆ سارێژکردنی برینە کۆمەڵایەتییەکان بنرێت و جەختی کردەوە لەوەی دەبێت بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە.
کیلیچ لە وتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "سەرەڕای بانگەوازەکەی ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان هەنگاوێکی یاسایی لەو بارەیەوە نەناوە."
ئەو وتیشی: "کاتێک باسی ئایندەی دیموکراتی تورکیا دەکەین، دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی ستەمەکان کۆتایی بێت و بەتەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە و برینە کۆمەڵایەتییەکان سارێژ بکرێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان و ڕایگەیاند: "پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە لەنێو پەرلەمان پێکبهێنرێت، و دەبێت هەموو ئەم گفتوگۆیانە لەبەرچاوی کۆمەڵگە بەڕێوەبچن و پەرلەمان دەسپێشخەریی بکات و ئۆپۆزیسیۆنیش ببێتە بەشێک لەم دەسپێشخەرییانە."