راگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە؛ ئیسرائیل "بە تەواوی رەتی دەکاتەوە" پێشنیازی بازرگانی ئەمریکی "بەشارە بحبح" سەبارەت بە وەستاندنی شەڕ لە غەززە قبوڵبکات.

کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند کە پێشنیازەکە بریتییە لە ئازادکردنی 10 دیل لە بریندارانی زیندوو بەرامبەر بە وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ و گفتوگۆ سەبارەت بە "رۆژانی داهاتوو" لە غەزە.

وردەکارییەکانی پێشنیازە نوێیەکە:

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاشکرایانکرد کە پێشنیازە نوێیەکە ئەمانەش لە خۆ دەگرێت:

- ئازادکردنی 5 دیل لە یەکەم رۆژدا
- گفتوگۆ سەبارەت بە دیلە مردووەکان 

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە راگەیاندنەکانی وت: "پێشنیازە نوێکە رەتکراوەتەوە و ئیسرائیل قبوڵی ناکات، ئێمە دەستمان بە پێشنیازی ویتکۆفەوە گرتووە" (ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی ترەمپ).

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشنیازە نوێکە زۆر دوورە لەو شێوازەی کە ئیسرائیل دەتوانێت قبوڵی بکات، لە راستیدا قبوڵکردنی وەک خۆسپاردن بە حەماس دەبینرێت."

پشتیوانی ترەمپ:

ترەمپ پێشتر وتبووی وای دەزانی "هەواڵەکان لەگەڵ حەماس باش دەبن و هەواڵی خۆش دەبیستین سەبارەت بە غەززە".

وتیشی: "لەگەڵ ئیسرائیل قسەمان کردووە و دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین ئەم دۆخە بە تەواوی لە کاتێکی نزیکدا رابگرین."

کەناڵە دیپلۆماسییەکان

سەرچاوەکان لە لای ترەمپەوە دەڵێن:

- ترەمپ فشار لەسەر حکومەتی نەتانیاهۆ دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ.
- سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەوامبونی شەڕ تووڕەیە
- پەیوەندی لەگەڵ حەماس کردۆتەوە لە رێگەی بەشارە بحبحەوە.

دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان:

لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە:
- گۆڕینەوەی دیلەکان
- وەستاندنی شەڕ

ئەمە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری ئەمریکیەکاندایە لە رێگەی نێردراوی تایبەت کە ستیڤ ویتکۆفە.

مەرجە دیپلۆماسییەکان بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان:

- داوا لە ئیسرائیل کراوە کە هێرشی مەیدانیی دوابخات
- رێگە بە فراوانکردنی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بدرێت
- کەش و هەوایەک دروستبکرێت کە تیایدا گفتوگۆ بکرێت.

پلانی ویتکۆف- نێردەی تایبەتی ترەمپ - ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بگەن بە رێکەوتنێکی گشتگیر هەنگاو بە هەنگاو:

- دەست بکرێت بە ئازادکردنی بەشێک لە دیلەکان
- لە قۆناغەکانی داهاتوودا کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت
- ئازادکردنی هەموو دیلەکان کە لەلای حەماسن.

بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە:

حەماس هێشتا داوا و مەرجی ئیسرائیلییەکان بەتایبەت ئەوانەی نەتانیاهۆ پێداگریان لەسەر دەکات رەتدەکاتەوە، کە بریتین لە: 

- ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، زیندوو و مردوو
- رادەستکردنی هەموو چەکەکانی حەماس
- دەرچونی بەرپرسانی حەماس لە غەززە  
- کۆتاییهێنان بە هەر رۆڵێکی حەماس لە حوکمڕانی غەززە لە داهاتوودا

"بەشارە بحبح" بازرگانێکی ئەکادیمی و سیاسی ئەمریکییە و بەڕەچەڵەک فەلەستینییە، لە ساڵی 1958 لە قودس لەدایک بووە، خوێندنی بەکالۆریۆسی لە ئەمریکا تەواو کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێناوە.