نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان
محەمەد رزگار
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥
رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان ئاشکرایکرد، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەری سوری گەراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئاستەنگیەکان نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.
دەشڵیت، هیوادارین هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر سوریا کارئاسانی بۆ پرۆسەی بوژانەوە و گەشەپێدان بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و نزیکەی 500 هەزار پەنابەریش لە وڵاتانی دراوسێی سوریاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەردەمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریایان راگەیاند.