عراقچی: بڕیارمان نەداوە بەشداری خولی پێنجەمی دانوستانەكان بكەین یان نا
کەژان
٢١ی ئایاری ٢٠٢٥
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بەشداری خولی پێنجەمی دانوستانەكان لەگەڵ واشنتۆن دەكەن یان نا. دەشڵێت، قوبوڵی ناكەن ئێران لە مافەكانی بێبەری بكرێت.
بەپێی هەواڵێكی تەسنیمی ئیران، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرقاڵی لێكدانەوەی ئەو پرسەن كە ئایا لە خولی پێنجەمی دانوستانەكان بەشدار بن یان نا. وتیشی، هەڵوێستی ئەوان بە تەواوەتی روونە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە رێككەوتنبێت یاخود نا بەردەوامی دەبێت.
راشیگەیاند، زۆر داواكاری واشنتۆن كە گونجاو نەبووە، جێبەجێیان كردووە. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر داواكاریان هەبێت و بیانەوێت ئێران لە مافەكانی بێبەری بكەن، قبووڵ ناكەن.
عراقچی ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی هیچ كات دانوستانی دیپلۆماسی بەجێنەهشێتووە، ئەگەر ئەمریكاش دەیەوێت رێككەوتن بكەن، دەبێت رەزامەندی بدەن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازییەكەی ئیران.
هاوكات، پەرلەمانی ئیران رایگەیاند، ئەمریكا ئێرانی وەك وڵاتێكی نەزان و دواكەوتوو بە هەموو جیهان ناساندووە كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.