ئۆنۆروا: 92٪ی ماڵەکانی غەززە رووخاون
هەساو ئەمیر
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری و کاروباری ئاوارەکانی فەڵەستین رایگەیاندووە، 92٪ی خانووەکانی غەززە رووخاون، کە یان بە تەواوی خانووەکان لەگەڵ زەویدا تەخت بوون یان بەشێکی خانووەکان رووخاون و زیانیان پێگەیشتووە.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری و کاروباری ئاوارەکانی فەڵەستین 'ئۆنۆروا' رایگەیاندووە، خێزانەکانی غەززە رووبەڕووی تێکشکانێک بوونەتەوە کە وێنا ناکرێت، بە جۆرێک زۆرینەیان بێ ماڵن.
ئەوەش هاتووە، خەڵکێکی زۆر چەندین جار ئاوارە بوون، تەنانەت ئێستا شوێنی حەوانەوەشیان دەست ناکەوێت نەوەک ماڵەکانی خۆیان.
ئاژانسەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە دەبێت چی زووە گەمارۆدان لەسەر ئەو کەرتە کۆتایی پێبهێنرێت و هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێتە غەززە.