ئیسرائیل بە یاسا قەتەر وەك وڵاتی دوژمن لە قەڵەم دەدات
١٨ی ئایاری ٢٠٢٥
ئیسرائیل بەیاسایەك قەتەر دەخاتە ریزی وڵاتانی دوژمن و دانوستانەكانی دەوحەش بۆ ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان بەردەوامە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، رەشنوسی یاسای بە دوژمن لەقەڵەمدانی قەتەر لەلایەن دەستەی یاسایی پەرلەمانی ئیسرائیلەوە پەسندكراوە.
بە پێی رەشنووسی ئەو یاسایەی كە پەسند كراوە، ئیسرائیل نابێت هیچ جۆرە مامەڵەیەكی سیاسی و سەربازیی و ئاڵوگۆڕێكی بازرگانیی لەگەڵ قەتەر بكات و ئەوەش نیگەرانیی لێكەوتوەتەوە، چونكە تا ئێستا قەتەر رۆڵی سەرەكیی دەبینێت لە دانوستانەكانی تایبەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا قەتەر بە بەردەوامی رۆڵی سەرەكیی بینیوە بۆ ئازادكردنی بارمتەكانی ئیسرائیل و دانوستانەكانی تایبەت بە ئاگربەستیش لە غەززە، بەڵام بە پێی یاسا نوێیەكەی ئیسرائیل نابێت چیتر قەتەر نێوەندگیریی حەماس و ئیسرائیل بكات.