دۆزینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، کە لەسەر خاکی سوریا 4500 ساڵ پێش ئێستا کەلوپەلی یاری منداڵان بەرهەمهێنراوە و فرۆشگە هەبووە بۆ فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانە.

شەقشەقە و بوکەشووشەی یاریکردنی منداڵان، ئەو دوو کەلوپەلی یارییەن کە بەرکارهێنانێکی بەربڵاویان هەیە لە جیهاندا و ئێستاش تەمەنی نزیک پێنجهەزار ساڵەی چەند شەقشەقە و بوکەشووشەیەک، توێژەرە جیهانییەکانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە.

لێکۆڵەرانی دانیمارکی لە توێژینەوەیەکدا دۆزینەوەی 19 شەقشەقەی منداڵان و چەند پارچەیەکی بوکەشووشەی منداڵانیان لە شاری حەمای سوریا راگەیاندووە، مێژووەکەی بۆ سەردەمی چاخی برۆنز دەگەڕێتەوە. 

چاخی برۆنز ئەو چاخە بوو کە تیایدا بۆ یەکەم جار مرۆڤ دەستی بە کارکردن بە کانزا کرد، چەک و ئامراز و ئامێری کانزایی جێگەی بەردینی گرتەوە، ئەگەرچی لە 3000 ساڵ بەر لە زایین یۆنان و چین چوونەتە ئەو قۆناغە، بەڵام لە ئەنادۆڵ و لای سۆمەرییەکان، لە 6000 ساڵ بەر لە زایینەوە چوونەتە ئەو چاخەوە.

گۆڤاری "childhood In the past" توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە چەندین لێکۆڵەر تێیدا بەشدارییان کردووە، لە توێژینەوەکەدا 19 شەقشەقەی منداڵانیان لە شاری حەمای سوریا دۆزیوەتەوە، کە بۆیان دەرکەوتووە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار و 500 ساڵ بەر لە ئێستا.

 

4500 ساڵ پێش ئێستا دایکان و باوکان لە بازاڕ یارییان بۆ منداڵەکانیان کڕیوە

 

ماری هاڵد لێکۆڵەری بەشدار لە توێژینەوەکەدا باسی لەوەکردووە، ئەگەر لەو سەردەمەدا دایک ویستبێتی منداڵەکەی بۆماوەیەک سەرقاڵ بکات، کەوچکێکی دارین یان ئاسنینی داوەتە دەستی، بەڵام لەسەر خاکی سوریا، تەنانەت لەو سەردەمەدا، دایک و باوکەکان هەڵبژاردنێکی دیکەیان هەبووە، کە ئەوە بووە توانیویانە بچن بۆ بازاڕ و یارییەک بۆ منداڵەکەیان بکڕن.

توێژەران لەم توێژینەوەیەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، کە نزیکەی پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لەسەر خاکی سوریا کەلوپەلی یاری منداڵان بەرهەمهێنراوە و لە بازاڕدا فرۆشراوە، بەوپێیەی مێژووی ئەو شەقشەقانەی دۆزراونەتەوە دەگەڕێنەوە بۆ چاخی برۆنز، کە ئەمە گەورەترین دۆزینەوەیەی لەو شێوەیەیە.

خاکی سوریا یەکێکە لەو خاکانەی بەهۆی نزیکییەکەی لە ئەنادۆڵ و خاکی کوردستانەوە، مێژوویەکی دێرینی هەیە و یەکێکیشە لەو خاکانەی لەپاڵ کوردستاندا کە کۆنترین پاشماوەی مرۆڤی تێدا دۆزراوەتەوە. سوریا یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەتاییەکانی چاخی بەردینی نوێ '12 هەزار ساڵ' لەمەوبەر.

خاکی سوریای ئێستا چەندین فەرمانڕەوایی بەخۆوە دیوە و لەناو فەرمانڕەوایەتییە کوردییەکانیشدا بەشێکی زۆریان لەو خاکەدا باڵادەست بوون و شارستانییەتیان فراوان بووە، لەناویشیاندا سۆمەری و ئاشوری و ئارامی و سەلجوقی و هوری و بێزەنتی و ئاموری، ئێستاش لەدوای گۆڕانی سەردەمەکان و ناساندنی سوریا وەک وڵاتێکی عەرەبی، بەڵام مۆرکی کوردیبوونی لەدەستنەداوە و تەنانەت زۆرینەی ناوی شار و شوێنەکان زمانی کوردین.

 

ئەگەرچی گڵینن بەڵام لەناونەچوون

 

بەپێی توێژینەوەکە، شەقشەقەکان لە قوڕ دروست کراون و پێکهاتەکەیان بە جۆرێکە، کە دوای نزیکەی پێنج هەزار ساڵ هێشتا لەناونەچوون.

توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، گڵەکان بە جۆرێک کاریان لەسەر کراوە، وەک ئەوەی کەسانی شارەزا و پیشەگەر کاریان لەسەر کردبن، بەڵام شێوەی دروستکردنەکەیان بەهێندەی پێکهاتەکەیان جیاواز نییە.

 

بوکەشووشەیمنداڵانیش بەرهەمهێنراون

 

توێژەران داواش دەکەن، رێگە بە پسپۆڕانی ئەو بوارە بدرێت کە لە نزیکەوە کار لەسەر دۆزینەوەکانی دیکە و پارچە گڵەکان بکەن، چونکە پێدەچێت بەشێکیان کەلوپەلی دیکەی یاریکردن بن وەک بوکەشووشەی قوڕین.

توێژەرەکان ئەوەشیان خستووەتە روو، ئەگەرچی ئەو پارچە گڵانەی دیکە وەک پەیکەری پەرستگەکان دەردەکەون، بەڵام پێناچێت پەیکەر بن، بەڵکو زیاتر لە بوکەشووشە دەچن چونکە شێوەکانیان تاڕادەیەک وادەردەکەون بیانەوێت منداڵان بخەنە پێکەنین.

بەپێی توێژینەوەی گۆڤارەکە، بەشێکی زۆری یارییەکانی دیکە بەشێوەی پارچە پارچە دۆزراونەتەوە و دەبێت پارچەکان پێکەوە بنرێنەوە، بۆیە ئەوە دیاریکردنی سروشتی یارییەکانی سەختتر کردووە، بەشیکیشیان هێشتا سەرجەم پارچەکانیان نەدۆزراوەتەوە.