ئیسپانیا و ئیتاڵیا پشتیوانی پێشنیازەكەی سەرۆك كۆماری عیراق دەكەن لەبارەی غەززە
١٧ی ئایاری ٢٠٢٥
ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێكی تر پشتیوانی پێشنیازەكەی سەرۆك كۆماری عیراق دەكەن بۆ رەتكردنەوەی ئاوارەكردنی خەڵكی غەززە و راگرتنی دەستبەجێی هێرشەكان.
دوای ئەوەی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە وتارەكەیدا لە لوتكەی عەرەبی لە بەغداد راگواستنی خەڵكی غەززەی رەتكردەوە، پێدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاش كە لە لوتكەكە بەشداربوو رایگەیاند، لە غەززە یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكرێن و ژمارەی كوژراوان تا دێت هەڵدەكشێت، وڵاتەكەشی بەنیازە رەشنووسی بڕیارنامەیەك پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات بۆ كۆتاییهێنان بە گەمارۆی مرۆیی لەسەر غەززە.
ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش هۆشداریدایە ئیسرائیل و رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە رابگرێت و دەستبەرداری بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی بێت و بارمتەكانیش ئازاد بكرێن.
ژمارەیەكی تریش لە وڵاتانی بیانی بەشداربووی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد پشتیوانی وتارەكەی سەرۆك كۆماری عیراقیان لە بارەی رەوشی كەرتی غەززە كرد.