ئەمڕۆ شەممە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر، پایتەختی عیراقی بەجێهێشت بەبێ ئەوەی وتارەکەی لە 34هەمین لوتکەی عەرەبیدا پێشکەش بکات.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی قەتەر، ئەمیری قەتەر دوای ئەوەی سەرۆکایەتی وەفدی وڵاتەکەی دەکرد، لە دانیشتنی 34هەمینی ئاسایی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی لوتکە، بەغدادی بەجێهێشت، بەڵام ئاژانسەکە هیچ هۆکارێکی بۆ ڕۆیشتنی تەمیم بن حەمەد ئال سانی نەخستەڕو.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە ئەمیری قەتەر تەنها کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەنجامداوە. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق، کۆبوونەوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە.

شایەنی باسە کە 34هەمین لوتکەی عەرەبی ئەمڕۆ لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد بە ئامادەبوونی شەش سەرۆک و بەرپرسی عەرەبی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان و وەزیری دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو.

هێشتا ڕوون نییە بۆچی ئەمیری قەتەر بەشداری لە پێشکەشکردنی وتارەکەی نەکردووە.