ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتن لە عەبدولمەلیک حوسی دەکات
رەوەز
١٦ی ئایاری ٢٠٢٥
لە دوا پەرەسەندنەکانی شەڕی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی سەرۆکی حوسییەکانی یەمەنی کرد و رایگەیاند کە بە "هێزێکی گەورەتر" هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە چەکدارە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، سووپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە چەندین هێرشی ئاسمانی ئەنجام داوە لە دژی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن و هەردوو بەندەری ستراتیژی حودەیدە و سەلیفی بۆردوومان کردون.
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەم هێرشانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "فڕۆکەوانەکانمان بە سەرکەوتوویی هێرشیان کردە سەر هەردوو بەندەری تیرۆری سەر بە حوسییەکان. ئەمە درێژەی کارەکەمانە و هێشتاش بەڕێوەیە، بە هێزێکی گەورەتر لە حووسییەکان دەدەین و سەرکردەکانیان دەکەینە ئامانج".
هاوکات، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی راشکاوانەی ئاراستەی عەبدولمەلیک حوسی، سەرۆکی باڵای حوسییەکان کرد و وتی: "چارەنووسی وەک یەحیا سنوار و حەسەن نەسروڵڵا دەبێت"، لە ئاماژەیەکی راستەوخۆ بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس و ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان.
ئەم هێرش و هەڕەشانەی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە حوسیەکان لە شەشی ئەم مانگە بە مووشەک دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان پێکا و دوێنێش پێنجشەممە هەوڵێکی نوێیان دا بۆ ئامانجگرتنی هەمان فڕۆکەخانە لە نزیک تەلئەبیب، بەڵام سوپای ئیسرائیل موشەکەکەی لە ئاسمان تێکشکاند.